هێمن هەورامی: پارتی بەبێ ڤیتۆ سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات


وێستگەنیوز_

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "لەسەر بنەمای دەستکەوتی هەڵبژاردن، بەبێ ڤیتۆ سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات. خەڵکی بۆیە بەشداری هەڵبژاردنی کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێندرێت و بەو هیوایەین لە ئاست ئەو متمانەی خەڵکدا بین."

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هێمن هەورامی رایگەیاند، "لە سیاسەتدا گەشبینی و رەشبینی نییە، واقع بینی هەیە، ئێمە هەڵبژاردنێک کراوە، خەڵکی کوردستان ئاشکرایە چۆن دەنگی داوە. لە قۆناغێکداین کە پێی دەوترێت پابەندی یاسایی، ئێمە رۆژی 2ـی 12ـی 2024 دەبێت پەرلەمان دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات و ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن."

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیواخوازین ئەگەر بتوانین تا ئەوکاتە بگەینە رێککەوتن بۆ ئەوەی بەیەک پاکێج سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دواتر هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان بەرێوەبچێت. بۆ ئەوەی دوای ئەوە سەرۆکی هەرێم بتوانێت تەکلیفی کەسی ناوزەد کراو کە جەنابی کاک مەسرور بارزانییە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەی دەیەم پێکبهێنێت." 

لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە، "هیواخوازین ئەزموونی رابردوو دووبارە نەبێتەوە، پەیامی ئێمە پەیامی برایەتییە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان." 


AM:11:50:27/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت